رول و زیانەکانی دەرمانی رینی
- Date تشرینی یهكهم 20, 2015
(Rennie) کە لە نێو خۆمان وا باوە پێی ئەڵێین حەبەکەی دڵە کزێ، ڕێنی سەر بە گروپێکی دەرمانە پێی دەڵێن( antacid) ڕێنی ناوە بازرگانییەکەیەتی و ناوە زانستییەکەی لە دوو دەرمان پێکدێت،کە بریتین لە :
(Calcium carbonate ,magnesium carbonate)
با بزانین دکتۆر ڕێنی بۆ چ مەبەستێك دەنوسێت؟
دکتۆر ڕێنی بۆ مەبەستی دڵە کزێ و سووتانەوەی گەدە و گەڕانەوەی ترشییەتی گەدە و هەرسنەکردنی خۆراك دوای ژەمێکی قوڕس دەنوسێت.
ڕێنی یەكێکە لەو دەرمانانەی کە لە نێو گۆمەڵگەی خۆمان بەکارهێنەرێکی زۆری هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی نابێت لە ١٤ ڕۆژ زیاتر بەکاربێت بەبێ پرسی دکتۆر.
ڕێنی ڕاستە بۆ کێشەکانی گەدە بەکاردێت بەڵام یەکێکە لەو دەرمانانەی کە دەبێت ١ کاتژمێر دوای نان خواردن یاخود پێش خەوتن بەکاربهێنرێت.
لێرەدا سێ کێشەی سەرەکی ڕێنی دەخەمەڕوو:
١- ڕێنی کارلێکی لەگەڵ زۆربەی دەرمانەکان هەیە واتە نابێت ڕێنی لە یەک کاتدا بەکاربێت لەگەڵ زۆربەی دەرمانەکان، دەرمانەکانیش بریتین لە:
( tetracycline,doxycycline,levofloxacin,
ciprofloxacin,levothyroxine,digoxin )
هەروەها ئەو تەواوکەرییە خۆراکیانەی کە ماددەی ئاسنیان تێدایە.
چارەسەرییەکەی چیە؟
ئەگەر یەکێک لەو دەرمانانەمان بەکارهێنا ئەوە بە لایەنی کەمەوە دەبێت دوای دوو کاتژمێر ڕێنی بەکاربهێنرێت .
٢- کێشەیەکی تری ڕێنی ئەوەیە کە یەکێک لە پێکهاتەکانی ڕێنی بریتییە لە (calcium carbonate) کەواتە بەهۆی بوونی ئەم پێکهاتەیە ڕێنی نابێت لەم نەخۆشانەدا بەکاربهێنرێت ئەوانیش بریتین لە:
(نەخۆشیەکانی گورچیلە،بەردی گورچیلە،ئەو کەسانەی ڕێژەی کالسیۆم لە خوێنیاندا بەرزە یان ڕێژەی فۆسفات لە خوێنیاندا نزمە.
٣-کێشەیەکی تری بریتیە لەوەی کە پێكهاتەیەکی تری ڕێنی لە (magnesium carbonate) پێکدێت ئەم پێکهاتەیەش بە شێوەیەکی گشتی دەبێتە هۆی سکچوون.
میکانیزمی ئیشکردنی ( mechanism of action ) وەك دەزانین ڕێنی لە دوو دەرمان پێکدێت کە ئەوانیش بریتین لە :
(calcium carbonate-magnesium carbonate)
ئەم دوو ماددەیە هەردووکیان تفتن، ئەم دوو ماددەیە لەگەڵ ترشیەتی زیادەی گەدەدا کارلێك دەکەن ترشیەتیە زیادەکە کەم دەکەنەوە بەمەش ترشیەتی گەدە هاوسەنگ دەکەن.
هیوای تەندرووستیەکی باش بۆ هەمووان.
Next post